سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی دا لە ئەگەری مینڕێژکردنی گەرووی هۆرمۆز ڕووبەڕووی لێکەوتەی سەربازیی توند دەبێتەوە و هاوکاتیش سێنتکام هەواڵی تێکشکاندنی لانیکەم ١٦ بەلەمی مینڕێژی کۆماری ئیسلامی لە نزیک ئەو گەرووە ڕاگەیاند.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ڕەشەمە، وتی ئەگەر ئێران لە گەرووی هۆرمۆز مینی دەریایی چاندبێت، دەبێت دەستبەجێ کۆیان بکاتەوە، ئەگەر نا ڕووبەڕووی پەرچەکرداری سەربازیی توند دەبێتەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا ١٠ بەلەم یان کەشتیی ناچالاکی مینڕێژیان کردووەتە ئامانج و تێکیان شکاندوون و ئۆپەراسیۆنی زیاتریش لە ڕێگەیە.
لەم پەیوەندییەدا، سێنتکام بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا لە ڕێکەوتی ١٩ی ڕشەمە، چەندین بەلەمی هێزی دەریایی ڕێژیمی ئێران، لەوانە ١٦ بەلەمی مینڕێژیان لە نزیک گەرووی هۆرمۆز تێک شکاندووە.
هەروەها کارۆلین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، وتی کە ئەرتەشی ئەمریکا دوای تێکشکاندنی زیاتر لە ٥٠ بەلەمی دەریایی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی"دا، هێزی دەریایی ئێرانی وەک هێزێکی بێ کەڵک بۆ شەڕ هەڵسەنگاندووە.
لەبەرامبەردا، عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانیش جەختی کردووەتەوە کە هیچ کەشتییەک کە پەیوەندی بە لایەنەکانی شەڕەوە هەبێت، ڕێگەی پێ نادرێت لەو گەرووە تێپەڕ بێت.