کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی سەکۆ مووشەکییەکانی بۆ ناوەندە مەدەنییەکان گواستووەتەوە

11:34 - 20 رەشەمه 2725

وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بۆ کەمکردنەوەی زیانە سەربازییەکانی لە بەرامبەر هێرشەکاندا، خەریکی گواستنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک بۆ نێو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان و نزیک قوتابخانە و نەخۆشخانەکانە.

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست ناوچە مەدەنییەکان بۆ چالاکییە سەربازییەکانیان بەکاردەهێنن.

ئەو ڕایگەیاند کە هەندێک مووشەک لە نێو قوتابخانە و نەخۆشخانەکانەوە دەتەقێنرێن، چونکە دەزانن توانای سەربازییان بە شێوەیەکی سیستماتیک لاواز بووە و خەریکی لەنێوچوونە.

هێگسێت زیادی کرد کە زانیارییە بەردەستەکان نیشانی دەدەن تاران خەریکی گواستنەوەی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکە بۆ نێو گەڕەکە نیشتەجێبووەکان و نزیک ناوەندە پەروەردەیی و تەندروستییەکان، تاوەکوو بە ئامانجگرتنیان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی قورستر بێت.

شایانی باسە پێشتر ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوەندە گشتییەکانی شارەکانی کوردستان جێگر کراون و ئەو شوێنانە کراونەتە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیم.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە شارەکانی وەک مەهاباد، سەردەشت، پاوە، سنە و هەندێک شاری دیکە، ڕێژیم هۆڵی وەرزشی، قوتابخانە و تەنانەت بەشێک لە ناوەندە تەندروستییەکانی کردووەتە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی خۆی.