کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراتەکانی ئەمریکا: ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی بۆ ئێران هەیە

12:03 - 20 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "جرۆزالم پۆست"، سیناتۆرە دێموکراتەکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە نیشانە بەردەستەکان، نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە ئەگەری ناردنی هێزی زەوینیی ئەمریکا بۆ ئێران دەربڕیوە و سەبارەت بە مەترسیی پەرەسەندنی شەڕ هۆشدارییان داوە.

ڕیچارد بلومێنتال، سیناتۆری دێموکرات لە ویلایەتی کۆنێکتیکت، دوای کۆبوونەوەیەکی توێژینەوەی نهێنی ڕایگەیاند کە نیشانەگەلێک هەن کە دەریدەخەن ئەگەری هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزی سەربازی لە ئێران جێگیر بکات.

لەم پەیوەندییەدا و بە نووسینی جرۆزالم پۆست، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش تا ئێستا ئەگەری ناردنی هێزی زەوینی بۆ ئێرانی ڕەت نەکردووەتەوە.

هەروەها جین شاهین، سیناتۆری دێموکرات دوای کۆبوونەوەکە وتی کە ڕووسیە لە ئێستادا لە بواری هەواڵگریدا هاوکاریی ئێران دەکات.

ئەو بە ئاماژەدان بە پێکهاتنی بەرەیەک لە ڕووسیە، چین، ئێران و کۆریای باکوور، داوای لە دەوڵەت کرد کە سەبارەت بە تێچووەکان، ماوەی شەڕ و ئامانجە کۆتایییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، وەڵامی ڕوونی بۆ کۆنگرە هەبێت.

لە کاتێکدا کۆماریخوازەکان لە کۆنگرە بە شێوەیەکی گشتی پشتگیری لە ستراتیژیی ترامپ بەرامبەر بە ئێران دەکەن، دێموکراتەکان سەبارەت بە مەترسیی بەرفراوانبوونی شەڕ هۆشداری دەدەن.

هەندێک سەرچاوە لە کۆنگرە وتوویانە کە ئەگەری هەیە کۆشکی سپی بەم زووانە داوای بودجەیەک بە بڕی نزیکەی ٥٠ میلیارد دۆلار بۆ دابینکردنی تێچووەکانی شەڕ بکات، هەرچەندە هەندێک لە یاسادانەران پێیان وایە تێچووی ڕاستەقینەی ئەم ململانێیە دەکرێت زۆر زیاتر بێت.