کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشێکی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیدا بۆ سەر ئۆردووگای زڕگوێزەڵە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە شەهید بوو

12:53 - 20 رەشەمه 2725

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ی هەتاوی، یەکێک لە ئۆردووگاکانیان لە ناوچەی زڕگوێزەڵە کراوەتە ئامانج.

بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە لە ڕێگەی چەندین دڕۆنی خۆتەقێنەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراوە. لە ئاکامی ئەم پەلامارەدا، پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبە بە ناوی ئومید وەیسی ناسراو بە "ئومید ڕوانسەر" شەهید بووە و پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە، کە ئاماژە بەوە دراوە باری تەندروستیی بریندارەکە جێگیرە.

کۆمەڵە لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید ئومید و خەڵکی کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشە تێرۆریستییانە نیشانەی ترس و لاوازیی کۆماری ئیسلامییە لە ئاست خەباتی گەلی کورد.

 هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئەم جۆرە پەلەقاژانە نەک نابێتە هۆی ساردبوونەوەیان، بەڵکوو ورە و ئیرادەیان بۆ درێژەدان بە خەبات تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان قایمتر دەکات.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە بە بەردەوامی ڕووبەڕووی هێرشی لەو شێوەیە بوونەتەوە.