کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٩ بەرپرس و ناوەندی ڕێژیمی ئێران خرانە لیستی گەمارۆکانی ئورووپاوە

16:59 - 20 رەشەمه 2725

یەکیەتیی ئورووپا خولێکی نوێی گەمارۆکانی دژی ١٩ بەرپرس و دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی پێشێلکاریی توندی مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرد.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" ڕایگەیاند کە باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لەسەر سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ١٩ بەرپرس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندییان دەربڕیوە.

بە وتەی ناوبراو، ئەم کەس و لایەنانە دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنی نێوخۆیی و پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.

کالاس جەختی کردەوە کە یەکیەتیی ئورووپا بەردەوام کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کارەکانی بە بەرپرسیار دەزانێت و لە کاتێکدا کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی پێگەکانی ئەم ڕێژیمە بەردەوامە، بروکسێل لەپاڵ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆی، بکەرانی سەرکوتی نێوخۆییش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەکاتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕێژیمی ئێران کە داهاتووی ئەم وڵاتە ناتوانێت لەسەر بنەمای سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بنیات بنرێت.

گەمارۆ نوێیەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە کاتێکدا دەسەپێنرێن کە هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی پێگەکانی کۆماری ئیسلامی، گوشارە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕووی لە زیادبوون کردووە.