یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشە هاوبەشەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی تا ئەو کاتەی پێویست بێت بەردەوام دەبن و جەختی کردەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە زیانی زۆر قورسیان بە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران گەیاندووە.
ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کارزارە سەربازییە هیچ سنوورێکی کاتیی بۆ دانەنراوە و تا هێنانەدیی سەرجەم ئامانجەکان و یەکلابوونەوەی ئەنجامی شەڕەکە درێژەی دەبێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی لە لایەکی ترەوە پێی ناوەتە دوازدەهەمین ڕۆژی خۆی و پێکدادانە ئاسمانییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چڕی بەردەوامن.
لە ئێستادا ئیسرائیل و ئەمریکا بە چڕی و بە شێوەیەکی سیستماتیک بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران دەکوتن و توانیویانە زەبرێکی زۆر گەورە و کوشندە لە ژێرخانە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بوەشێنن.
ئەم هێرشە ئاسمانییانە کە سەرجەم ناوەندە ستراتیژییەکانیان کردووەتە ئامانج، توانای بەرگری و جووڵەی سەربازیی ڕێژیمی ئێرانیان تا ئاستێکی بەرچاو لاواز کردووە و زیانی قەرەبوونەکراوەیان بە ڕێژیم گەیاندووە.