کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکردنی بڕیارنامەی شوڕای ئەمنییەت دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو

10:24 - 21 رەشەمه 2725

شواڕای ئەمنییەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەیەکی بە ۱۳ دەنگی ئەرێنی و دەنگی بێلایەنی ڕووسیە و چین، دژی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە پەسەند کرد و داوای لە تاران کرد دەستبەجێ هێرشەکانی ڕابگرێت.

لەو بڕیارنامەیەدا داوا لە کۆماری ئیسلامی کراوە هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، عەرەبستان، ئیمارات و ئۆردن ڕابگرێت و کۆتایی بە هەر جۆرە هەڕەشەیەک دژی کەشتیوانی نێودەوڵەتی لە گەرووی هۆرمۆز بهێنێت.

ئەم بڕیارنامەیە بە دەسپێشخەریی بەحرەین پێشکەش کرا و پشتگیرییەکی بەرفراوانی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەگەڵ بوو.

بە وتەی بەرپرسانی ڕۆژئاوایی، ئەم هەنگاوە لە پاش هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجام دراوە.

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەدا، مایکڵ واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، ئێران تەقە لە هەموو جیهان دەکات و ئەو وڵاتانەی پێشتر پێکەوە ناکۆکیان هەبوو ئێستا لەبەرامبەری ئەو هەڕەشەیە یەکگرتوونە.

لە بەرامبەردا، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی، ئەم بڕیارنامەیەی وەک "کەڵکاژۆ ورەگرتنی ڕوونی ئەرکەکانی شوڕای ئەمنییەت" وەسف کرد.

کۆماری ئیسلامی لە حەفتەکانی ڕابردوودا بەردەوام هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی ناوچەی کەنداو و هەندێک ئامانجی سەربازی و ژێرخانی لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.