کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێزدەهەمین ڕۆژی شەڕدا چەندین شاری ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج

10:33 - 21 رەشەمه 2725

لە سێزدەهەمین ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمە، چەندین ناوچە و شاری جیاوازی ئێران کرانە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەم هێرشە نوێیانەدا شارەکانی تاران، کەرەج، ئیسفەهان، کاشان، ئەراک و ئەهواز پێکراون. هەروەها ڕاگەیەندراوە کە شارۆچکە پیشەسازییەکانی "حەسەن‌ئابادی فەشافوویە" و "پەرەند" لە دەوروبەری تاران ئامانجی سەرەکیی هێرشەکان بوون.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەک، پێکانی فڕۆکە گەورە ترابەرییە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی پشتڕاست کردەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان دژی ژێرخانە جیاوازەکانی ڕێژیمی ئێران لە تاران ئەنجام داوە.

دواین زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشەکان شاری ئەهوازیشیان گرتووەتەوە و تا کاتژمێرەکانی نزیک بە بەیانی، ئاسمانی ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی فڕۆکە جەنگییەکاندا بووە.