کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چوارچێوەی سەردانە سیاسی و دیپلۆماسییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە دووەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکایی، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران، کوردستان و دۆخی ناوچەکە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی پەیامنێرانی ڕۆژنامە، گۆڤار، کاناڵە تەلەفزیۆنییەکان و ماڵپەڕە ئەمریکاییەکان بەڕێوەچوو، عەزیزی هەڵوێست و ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی شی کردەوە.
ناوبراو لە وتەکانیدا سپاسی هەر چەشنە هاوکاری و پشتگیرییەکی کردەیی و ڕوونی دۆناڵد ترامپی کرد لە پێناو بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی دیموکراسی لە ئێران و ئەوەی وەک هەنگاوێکی گرینگ لە ڕێڕەوی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی وڵاتدا لەقەڵەم دا.
وتەبێژی حیزب هەروەها جەختی لەسەر ئامادەیی ئەم حیزبە کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەکان لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە دێموکراسیخوازانەکان، جێگیرکردنی ئاشتی و گەیشتن بە مافە سیاسییەکانی کورد لە ئێراندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، خالید عەزیزی وڵامی پرسیاری پەیامنێرانی سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێران، دۆخی کوردستان و ڕۆڵی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە داهاتووی سیاسی ئێرانی دایەوە.