گیدئۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران دەبێت بە دەستی خەڵکی ئەو وڵاتە بێت.
ساعر لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "تایمز ئیسرائیل" وتی کە ئێمە ناتوانین ڕێژیمەکە بڕووخێنین؛ تەنیا خەڵکی ئێران دەتوانن ئەو کارە بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ئێران بەبێ یارمەتیی دەرەکی شانسێکی ئەوتۆیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نییە.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە کە گۆڕینی ڕێژیم ئامانجی ڕاستەوخۆی شەڕ نییە، بەڵام ئیسرائیل هەوڵ دەدات بارودۆخێک بخوڵقێنێت کە گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە گونجاو بێت و ئەم گۆڕانکارییە لە کۆتاییدا دەبێت لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە ئەنجام بدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لاوازکردنی میکانیزمەکانی سەرکوتی ڕێژیمی ئێرانی بە یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان لەم پڕۆسەیەدا دانا و وتی، هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی فەرماندەیی سپای پاسداران هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدرێن.
ئەو هەروەها وتی کە نیشانەکانی درز و کەلێن لە نێو ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێن و جەختی کردەوە کە هەرچەندە ڕەوتە توندڕەوەکان کۆنترۆڵی ڕێژیمیان پاراستووە، بەڵام ئەم ڕێژیمە لاواز بووە و تواناکانی خۆی لەدەست دەدات.