وەزارەتی بەرگریی ئیتالیا ڕایگەیاند، شەوی چوارشەممە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی.
بە وتەی ئەم وەزارەتە، ئەو بنکە سەربازییەی لە شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەرپرسانی ئیتالیا ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا هیچ کام لە هێزە جێگیرکراوەکانی نێو بنکەکە کوژراو و بریندار نەبوونە.
لە پاش ئەم هێرشە، ئانتۆنیۆ تاجانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە پەناگاکاندا جێگیر کراون.
تاجانی هەروەها بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە مووشەکییەی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی هێزە سەربازییەکانی ئیتالیا لە ئەرکە دەرەکییەکاندا کردەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕێژیمی ئێران بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە مەدەنی و سەربازییەکانی کردووەتە ئامانجی هێرشە تێکدەرانەکانی خۆی.