کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێت‌بلاکس: پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووە نێو سێزدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە

12:33 - 21 رەشەمه 2725

ماڵپەڕی "نێت‌بلاکس" کە چاوەدێریی پچڕان و تێکچوونی ئینتێرنێت لە جیهاندا دەکات، ڕایگەیاند کە پچڕانی بەرفراوانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە سێزدەهەمین ڕۆژی خۆی و ماوەی ئەم پەککەوتنە لە ٢٨٨ کاتژمێر تێپەڕیوە.

نێت‌بلاکس بەیانیی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمە بە بڵاوکردنەوەی داتای نوێ، ڕایگەیاند کە دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتێرنێت هێشتا بە شێوەیەکی بەرفراوان سنووردارە و هیچ نیشانەیەک بۆ گەڕانەوەی تەواوەتیی هێڵەکان نابینرێت.

ئەم دامەزراوە جەختی کردەوە کە پچڕانی پەیوەندییە ئانلاینەکان دەکرێت لێکەوتەی جیددی بۆ ژیانی مەدەنییەکان هەبێت.

بە وتەی نێت‌بلاکس، هەنگاوی لەو شێوەیە مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەندروستی و ئەمنییەتی هاووڵاتییان دروست دەکات؛ چونکە تاکەکان لە دۆخی قەیراناویدا بۆ وەرگرتنی زانیارییە پێویستەکان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێویستییان بە پەیوەندییەکانی ئینتێرنێت هەیە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی لە کاتی خۆپیشاندان و گرژییەکان بەردەوام هێڵەکانی ئینتێرنێتی سنووردارکردووە یان پچڕاندووە و ئەو هەنگاوە بەشێکە لە ستراتێژی ڕێژیم بۆ سەرکوتی هەرچی زیاتری خەڵک و پێشگرتن لە دزەکردنی زانیاریی بۆ دەرەوەی وڵات.