ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە دامەزراوەیەکی ناوەکی بە ناوی "تاڵەقان" لە نزیک تاران کراوەتە ئامانج کە لە بەرنامەی پەیوەندیدارەکان بە چەکی ناوەکیی ئێراندا بەکار دەهات.
لە بەیاننامە بڵاوکراوەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا، ئەم شوێنە بە ناوی "کۆمەڵگەی تاڵەقان" ناوی براوە و ئیدیعای ئەوە کراوە کە ڕێژیمی ئێران بۆ پەرەپێدانی تواناکانی چەکی ناوەکی کەلکی لێوەرگرتووە.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە لە دەیەی ٢٠٠٠ی زاینیدا، ئەم دامەزراوەیە بەشێک بووە لە پڕۆژەیەکی نهێنی بە ناوی "پڕۆژەی ئاماد" و بۆ پەرەپێدانی مادە تەقەمەنییە پێشکەوتووەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە هەستیارەکان بەکار هێنراوە.
پێشتریش ڕاپۆرتگەلێک بڵاو کرابوونەوە سەبارەت بەوەی کە سایتی "تاڵەقانی ٢" لە کاتی تێکهەڵچوونەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێراندا کراوەتە ئامانج.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، پەیمانگای زانست و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە واشینگتۆنە، بە بڵاوکردنەوەی وێنەی مانگی دەستکرد ڕایگەیاند کە لە شوێنی پێشووی ئەم سایتە کە بە "تاڵەقانی ٢"یش دەناسرێت، چالاکیی نوێی بیناسازی بینراوە.
بە وتەی ئەم پەیمانگایە، ئێران دوای بەهێزکردنی چینە بێتۆنێکەی دامەزراوەکە لە ناوچەی پارچین، بەشێکی بەرفراوان لەو کۆمەڵگەیەی بە خاک داپۆشیوە.