بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ٢٢ی ڕەشەمە، لە چواردەهەمین ڕۆژی شەڕدا، ئەرتەشی ئیسرائیل خولێکی نوێ و بەرفراوانی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر پێیتەخت و چەندین شاری ستراتیژیی ئێران دەست پێکرد.
بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، ئەم هێرشانە تا کاتژمێر ٥ی بەیانی بە توندی بەردەوام بوون و شارەکانی تاران، کەرەج، ئەراک، هەمەدان و بێهشەهری مازەندەرانی گرتووەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە توندیی تەقینەوەکان لە تاران بە ڕادەیەک بووە کە بووەتە هۆی لەرزینی زەوی و بیناکان لە مەودایەکی زۆرەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ناوچەکانی وەک: پونک، مەرەزداران، زەعفەرانییە، نازی ئاوا، تارانپارس، لەواسان، پەردیس و ئیسلامشار ڕاستەوخۆ کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هێرشەکان.
تەنانەت میدیاکانی سەر بە سپای پاسداران، وەک ئاژانسی "تەسنیم"، دانیان بەوەدا ناوە کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز بەتایبەت لە باشووری تاران بیستراوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بە بڕینی ئینتێرنێت و سانسۆرکردنی میدیاکان، هەوڵی شاردنەوەی ڕادەی زیانەکان دەدات.
سیاسەتە شەڕخوازانەکانی ڕێژیم جارێکی دیکە خەڵکی مەدەنییان ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە کردووەتەوە و ئەمنییەتی ناوچەکەیان خستووەتە لێواری تەقینەوە.