کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی چەند سەربازێکی فەڕانسەوی لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر هەولێر

11:32 - 22 رەشەمه 2725

لە هێرشی دوو دڕۆنیدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر، ئەفسەرێکی فەڕانسەوی کوژرا و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون و ئەو هێرشە کاردانەوەی توندی سەرۆککۆماری فەڕانسەی لێکەوتەوە.

شەوی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمە، لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی "مەلا قەرە" لە سنووری مەخموور و ٤٠ کیلومیتری هەولێر، ئەفسەرێکی فەڕانسەوی گیانی لەدەستدا و ٦ سەربازی دیکە بریندار بوون.

ئێمانوئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕانسە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" کوژرانی ئەفسەرێکی فەڕانسەی پشتڕاست کردەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کرد.

هەروەها ڕایگەیاند کە چەند سەربازێکی دیکە لەو هێرشەدا بریندار بوون و جەختی کردەوە کە فەڕانسە لە پاڵ ئەوان و خێزانەکانیاندا دەمێنێتەوە.

ماکرۆن بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کرد و وتی: "هێرشکردنە سەر هێزەکانمان کە لە ساڵی ۲۰۱٥ـەوە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕ لەگەڵ ئێران ناتوانێت پاساو بێت بۆ هێرشێکی لەو شێوەیە.

هاوکات، گرووپی چەکداری عێراقی "اصحاب الکهف" بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە دوابەدوای گەیشتنی ناوگانی فڕۆکەهەڵگری فەڕانسە بۆ مەدیتەرانە، بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج و ئەم بابەتەش گومانەکانی سەبارەت بە ڕۆڵی ئەم گرووپە لە هێرشە دڕۆنییەکەی هەولێر زیاد کردووە.