کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە هێرشە مووشەکییەکانی، پشت بە زانیاریی ئێرانییەکان دەبەستێت

12:17 - 22 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیسرائیل بۆ ئاراستەکردنی هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئێران لە کاتی شەڕدا، پشت بەو زانیارییانە دەبەستێت کە لەلایەن هاووڵاتیانی ئێرانییەوە پێی دەگات.

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی ڕەشەمە، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنییەتیی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو وڵاتە زانیارییەکانی کەسانی مەدەنی لە نێوخۆی ئێران بۆ دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بەکار دەهێنێت.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەو ئێرانییانەی لە شوێنی ڕووداوەکانن، زانیارییەکانی پەیوەست بە ئامانجە ئەگەرییەکان لە ڕێگەی هەژمارەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی فارسی بۆ ئیسرائیل دەنێرن.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم زانیارییانە سەرەتا لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلەوە وردبینی و پشتڕاست دەکرێنەوە، ئەگەر دروست بن، هێرشەکان لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجام دەدرێن. نموونەیەک بۆ ئەم شێوازە، هێرشکردنە سەر بازگەیەکی "بەسیج" لە ١٩ی ڕەشەمە، لە تاران بوو.