ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕوو لە خەڵکی ئێران، هەڕەشەی سەرکوتێکی توندتر لە مانگی بەفرانبار لە خۆپیشاندەران دەکات و ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکانی بە پلانی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ناوبردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "دوژمنی شەڕەنگێز و دەستەوەستان لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی شەڕی مەیدانی، ئێستا بەدوای چاندنی ترس و ئاژاوەی شەقامەکانەوەیە."
سپا لە درێژەی بەیاننامەکەیدا، خەڵکی ناڕازیی بە داعشی نوێ ناوبرد و هۆشداری داوە کە گورزێکی بەهێزتر لە ١٨ی بەفرانبار چاوەڕوانیان دەکات.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، خۆپیشاندەران بە "بێنیشتمان" ناو براون و سپا هەڕەشەی کردووە: "خەباتی شەو و ڕۆژ دژی بێنیشمانیانیی نێوخۆیی لە ئەستۆی ئێمەیە."
لە کاتێکدا بنکە و توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە لاوازی و داڕمانە و بوار بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕەخساوە، سپای پاسداران ئەو هەڕەشەی لە خەڵک کردووە.