کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام کوژرانی ٤ کەس لە فڕۆکە سوتەمەنیبەرەکەی ئامریکای پشتڕاست کردەوە

14:55 - 22 رەشەمه 2725

فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام)، ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەمە، زانیاریی نوێی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە سووتەمەنیبەرەکەی جۆری KC-135  بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، ٤ ئەندام لە کۆی ٦ ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییەکە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، ڕووداوەکە شەوی پێنجشەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی'' و لە ناوچەیەکی ئارامی ڕۆژئاوای عێراق ڕووی داوە.

سێنتکام جەختی کردەوە کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی تەقەی دوژمن یان تەقەی هەڵەی هێزە خۆییەکان نەبووە و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی تەکنیکیی ڕووداوەکە بەردەوامە.

لە کاتی ڕووداوەکەدا دوو فڕۆکەی لەو جۆرە پێکەوە بوون؛ فڕۆکەی یەکەم کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەی دووەم توانیویەتی بە سەلامەتی بنیشێتەوە.

فڕۆکەی KC-135 پشتیوانی هێزی ئاسمانیی ئەمریکایە کە سووتەمەنی لە ئاسماندا بە فڕۆکە شەڕکەرەکان و بۆمبهاوێژەکان دەگەیەنێت.