کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆناڵد ترامپ: داوا لە نیشتمانپەروەرانی ئێران دەکەم قارەمانانە ئێران وەربگرنەوە

14:27 - 11 رەشەمه 2725

ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەنگاوێکی سەربازیی گەورەی دژی ڕێژیمی ئێران گرتووەتە بەر.

ترامپ ئامانجی ئەم هێرشانەی لەناوبردنی ڕێژیمی ئێران و ڕێگریکردن لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ڕایگەیاندووە و هەروەها داوای تەسلیمبوونی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی کردووە و داوای لە نیشتمانپەروەرانی ئێرانی کردووە کە وڵاتەکەیان وەربگرنەوە.

دۆناڵد ترامپ، خامنەیی بە "پیاوێکی خراپەکار" و "گەندەڵ" ناو بردووە کە دەستی بە خوێنی سەدان و تەنانەت هەزاران ئەمریکی سوور بووە و لە کوشتنی هەزاران کەسی بێتاوان لە وڵاتە جیاوازەکاندا بەرپرسیار بووە.

ناوبراو وتیشی: شەوی ڕابردوو دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی مردنی خامنەیی، دەنگی خۆشی و چەپڵەلێدانی خەڵکی سەر شەقامەکان لە سەرتاسەری ئێران دەبیسترا.

دۆناڵد ترامپ وتی هەموو فەرماندەیی سەربازیی کۆماری ئیسلامی لەنێو چووە و زۆرێکیان دەیانەوێت بۆ ڕزگارکردنی گیانیان خۆیان ڕادەست بکەن بۆیە داوای پارێزبەندی دەکەن.

ترامپ ئاماژەی بە بەردەوامبوونی هێرشەکان کرد و وتی : بەردەوام دەبین تا هەموو ئامانجەکانمان بە تەواوی بەدی دێت.

سەرۆکی ئەمریکا وتی: داوا لە هەموو نیشتمانپەروەرانی ئێرانی دەکەم کە تامەزرۆی ئازادین، دەست بەسەر ئەم ساتەدا بگرن، ئازا و بوێر بن، قارەمانانە مامەڵە بکەن و وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. ئەمریکا لەگەڵ ئێوەدایە، من بەڵێنم پێداون منیش جێبەجێم کرد، ئەوە ئێوەن کە دەبێ بەردەوام بن لەسەر ڕێگاکە، بەڵام ئێمە لەوێ دەبین بۆ یارمەتیدان.