کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆڵی نوێی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات

16:42 - 22 رەشەمه 2725

لە شەپۆلی نوێی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە نیزیک کۆیە چەند ماڵێکی دیکە کرانە ئامانج.
لە کاتژمێر ٣:٤٠ دەقەی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ٢٢ی ڕەشەمەوە بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کردووەتەوە سەر بنکەی ئازادی.

هەروەها هێزەکانی پێشمەرگەش لە شوێنی دیکە بە چڕی بوڕدومان کراونەتەوە. لە تازەترینی ئەو شەپۆلی نوێیەی هێرشەدا ٥ مووشەک و دڕۆن بەر بنکەی ئازادی کەوتوون و هێرشە یەک‌بەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەمپەکانی حیزب هەروا بەردەوامە.
هێرش بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵە و خەڵکی سڤیلی حیزبی دێموکرات لە کەمپەکانی نیزیک شاری کۆیە لە کاتێکدایە کە لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژ لەوە پێشی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سنووربەزاندن، دەستدرێژی و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر وڵاتانی ناوچە بە توندی مەحکووم کرابوو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای شەپۆلی نوێی ئەم شەڕەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٥ مووشەک و دڕۆنی لە کەمپی بنەماڵەکان و هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات داوە. هێرشە مووشەکییەکانی حیزب بۆ سەر بنەماڵە مەدەنییەکانی حیزب ژیانی لەوان تێک‌داوە و دۆخێکی زۆر نالەبار و کارەساتباری بۆ بنەماڵەکانی حیزب خوڵقاندووە.