کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری شەڕی ئەمریکا: ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئێران بەبێ هیچ بەزەییەک بەردەوام دەبن

17:01 - 22 رەشەمه 2725

وەزیری شەڕی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران بە توندی بەردەوام دەبن و بە وتەی ئەو، توانای سەربازیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرفراوان لاواز کراوە.

"پیت هێگسێت" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پێنتاگۆن ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەبێ هیچ بەزەییەک درێژە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لە ئێران دەدات.

ناوبراو وتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە شێوازێک کە جیهان هەرگیز نەیبینیوە، خەریکی لەنێوبردنی هێزی سەربازیی ڕێژێمی ڕادیکاڵی ئێرانە.

هێگسێت لەو کۆبوونەوەیەدا وتی کە هێزی سەربازیی ئێران لەم شەڕەدا کارایی نەماوە و تواناکانی سەربازییەکەی بە جیددی کەمی کردووە.

وەزیری شەڕی  ئەمریکا سەبارەت بە موجتەبا خامنەیی وتی، موجتەبا خامنەیی ترساوە، بریندارە، لە حاڵی هەڵاتندایە و "شەرعییەتی نییە".

بە وتەی هێگسێت، ڕێبەریی ئێران لە ئێستادا خۆی شاردووەتەوە و لە بەرامبەردا، ئیرادەی ئەمریکا بۆ بەردەوامبوون لە شەڕ پتەوترە و سەرۆککۆماری ئەمریکا بەرگی بەرەندەی لەدەست دایە.

ئەو بە ئاماژەدان بە هاوکارییە سەربازییەکانی واشنگتۆن و تێلئاڤیڤ وتی تێکەڵاوکردنی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل شکست‌نەهێنەرە و ئاستی زانیاریی هەواڵگری و توانای ئۆپەراسیۆنییان بەردەوام لە زیادبووندایە.

هێگسێت هەروەها ڕایگەیاند کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا، ئەمریکا بەرزترین قەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیی لە ئاسمانی ئێراندا ئەنجام داوە.

بە وتەی ئەو، ئێران لە ئێستادا هێزی ئاسمانی، بەرگریی ئاسمانی یان هێزی دەریاییەکی کاریگەری نییە و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی ئەو وڵاتە لە حاڵی لەنێوبردندان.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا وتیشی قەبارەی مووشەکەکانی ئێران نزیکەی ۹۰ لەسەد و درۆنە هێرشبەرەکانی ۹۵ لەسەد کەمی کردووە.

هێگسێت لە کۆتاییدا وتی تاران لەبەر ناچاری دەستی کردووە بە داخستنی گەرووی هۆرمۆز و ئەمریکا خەریکی لێکۆڵینەوە لە ڕێگاکانی بەرەوڕووبوونەوەی ئەم دۆخەیە.