وەزارەتی بەرگریی تورکیە ڕایگەیاند کە سیستمە بەرگرییەکانی ناتۆ سێیەم مووشەکی بالستکیی ڕێژیمی ئێرانیان کە ئاراستەی ئەو وڵاتە کرابوو، لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێک شکاندووە.
بە وتەی ئەم وەزارەتە، یەکەم مووشەک لە ١٣ی ڕەشەمە، پێش چوونە نێو سنووری ئاسمانیی تورکیە خراوەتە خوارەوە و دووەم مووشەکیش لە ١٨ی ڕەشەمە، دوای چوونە نێو ئاسمانی ئەو وڵاتە کراوەتە ئامانج و سێیەم مووشەکیش لە نوێترین حاڵەتدا لەلایەن سیستمە بەرگرییەکانی ناتۆوە تێک شکێنراوە.
تورکیە کە خاوەنی سێیەمین ئەرتەشی گەورەی نێو ناتۆیە، هۆشداریی داوەتە ئێران کە هێرشەکانی ڕابگرێت، بەڵام ئەو وڵاتە تا ئێستا داواکارییەکی فەرمی بۆ کاراکردنی میکانیزمی بەرگریی بەکۆمەڵی ئەم هاوپەیمانییەی پێشکەش نەکردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیە هەروەها ڕایگەیاند کە ئانکارا لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاک و هەرێمی ئاسمانیی وڵاتەکەی ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر و بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەهەندەکانی ئەم ڕووداوانە لەگەڵ تاران لە پەیوەندیدایە.