کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: حەفتەی داهاتوو هێرشی زۆر قورس دەکەینە سەر ڕێژیمی ئێران

22:11 - 22 رەشەمه 2725

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە حەفتەی داهاتوودا هێرشی نوێ و زۆر قورس دەکاتە سەر کۆماری ئیسلامی و جەختی کردەوە کە ڕێبەریی ئەم ڕێژیمە بەرەو نەمان دەچێت.

ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" وتی: ''پلانمان هەیە حەفتەی داهاتوو زۆر بە توندی ئامانجەکان بپێکین.''

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە ڕەنگە ڕووخانی ڕێژیم دەستبەجێ نەبێت، بەڵام حەتمییە.

سەبارەت بە گرژییەکانی کەشتیوانی، ترامپ ڕایگەیاند ئەگەر پێویست بکات ئەمریکا ئامادەیە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز بپارێزێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕەنگە ڕووسیە و چین تا ڕادەیەک پشتیوانی لە تاران بکەن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە تەرکیزی ئێستای واشنگتۆن لەسەر لەنێوبردنی تەواوەتی مووشەک و دڕۆنەکانی ئێرانە و پرسی ئۆرانیۆمی پیتێنراو لە قۆناغی ئێستادا ئەولەویەتی یەکەم نییە.

هاوکات، ستیو ویتکاف، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا، وردەکاریی مەترسیداری لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئاشکرا کرد. ناوبراو ڕایگەیاند کە دانوستانکارانی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە کە ٤٦٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی ٦٠لەسەدی پیتێنراویان هەیە، کە دەکرێت تەنیا لە ماوەی حەفتەیەکدا بگۆڕدرێت بۆ ئاستی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی.