کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: هەموو ئامانجە سەربازییەکانی دوورگەی خارک لەنێو بران

10:10 - 23 رەشەمه 2725

سەرۆککۆماری ئەمریکا، شەوی هەینی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" ڕایگەیاند کە بە فەرمانی ئەو، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکام) یەکێک لە بەهێزترین ئۆپەراسیۆنەکانی بۆمباران لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دژی ئامانجە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوورگەی خارک ئەنجام داوە.

دۆناڵد ترامپ لەو پەیامەدا نووسیویەتی کە لە کاتی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، هەموو ئامانجە سەربازییەکانی دوورگەی خارک بە تەواوی لەنێو براون.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا خاوەنی پێشکەوتووترین و بەهێزترین چەکە کە جیهان تا ئێستا بە خۆیەوە بینیویەتی، بەڵام بە وتەی ئەو لەبەر هۆکاری مرۆیی و ڕەچاوکردنی لایەنی ئەخلاقی بڕیار دراوە ژێرخانە نەوتییەکانی ئەو دوورگەیە نەکرێنە ئامانج.

ترامپ لە بەردەوامی پەیامەکەیدا هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە ڕێگری لە هاتوچۆی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هۆرمۆز بکات، ڕەنگە واشنگتۆن پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات و دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی خارکیش بۆردومان بکات.

دوورگەی خارک یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە کەنداودا و هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ئەم ناوچەیە دەتوانێت شوێنەواری بەرچاوی لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران و ئەمنییەتی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا هەبێت.