کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکردنەوەی داوای پوتین لەلایەن ترامپ سەبارەت بە ئۆرانیۆمی ئێران

10:11 - 23 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدێری "ئاکسیۆس"، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێشنیارەکەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیەی ڕەت کردووەتەوە کە تێیدا داوای کردبوو وەک ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ڕووسیە بگوازرێتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکایی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە: "ئەمە یەکەمجار نییە پێشنیارێکی لەو شێوەیە دەخرێتە ڕوو. هەڵوێستی ئەمریکا ئەوەیە کە دەبێت ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم ڕابگرێت."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێشتریش ئێران پێشنیارێکی لەو شێوەیەی ڕەت کردبووەوە و هیچ ئاماژەیەکیش نییە کە تاران ئێستا ئامادە بێت بۆ قبووڵکردنی. لە میانەی دانوستانەکانی ئەم دواییانەدا، ئێران پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە ئۆرانیۆمەکە لە نێوخۆی دامەزراوەکانی خۆیدا و لەژێر چاوەدێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکیدا کەم بکرێتەوە.

ستیو ویتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نزیکەی ٤٦٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی ٦٠ لەسەد هەیە، کە دەکرا بۆ دروستکردنی "بۆمبێکی پیس" بەکاربهێنرێت.