بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ڕەشەمەمەی ١٤٠٤، ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر چەندین وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو و تێیدا چەندین ناوەندی دیپلۆماسی و مەدەنی کردە ئامانج.
لە بەغدا، سەرچاوە ئەمنییەکان و ئاژانسی هەواڵدەریی فەرانسە پشتڕاستیان کردەوە کە موشەکێک بەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا کەوتووە و ستوونێکی دووکەڵ لە ئاسمانی ناوچەکە بینراوە، ئەم هێرشەش ڕێک دوای کوژرانی دوو سەرکردەی گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا ئەنجام درا کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
هاوکات وڵاتانی کەنداویش کەوتنە بەر هێرشی ئاسمانی، بە جۆرێک وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە توانیویانە ١٩ دڕۆن و موشەکێکی بالستیکی تێک بشکێنن.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئیمارات ئاماژەیان بەوە کرد کە پاشماوەی موشەکێکی تێکشکێندراو لە ناوەندی شاری دوبەی بەر باڵەخانەیەک کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە بەحرەینیش بەهۆی مەترسی هێرشەکانەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و داوا لە هاووڵاتییان کرا پەنا ببەنە بەر شوێنە ئارامەکان.
لە کاردانەوەی ئەم بارودۆخە شڵەژاوەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا فەرمانی بە کارمەندە ناپێویستەکانی و خێزانەکانیان کرد کە بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە وڵاتی عومان جێبهێڵن.