بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" و سەرچاوەکانی وەک "میدیا لاین" تۆڕێکی بەرفراوان لە گرووپە شیعەکان لە وڵاتانی کەنداو سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری و دۆکیۆمێنتکردنی شوێنە سەربازی و ئابوورییەکانن بۆ سپای پاسدارانی ئێران.
ئەم تۆڕانە کە لە وڵاتانی بەحرەین و کوەیت و قەتەر و ئیمارات چالاکن و ئەندامەکانیان لە شیعەکانی کەنداو و نەتەوە جیاوازەکانی ئاسیا و عەرەب پێکهاتوون زانیاری لەسەر دامەزراوە ستراتیژییەکان و شوێنی بەرکەوتنی هێرشە دڕۆنی و موشەکییەکانی ئێران بۆ تاران دەنێرن.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا وەزارەتە ئەمنییەکانی وڵاتانی کەنداو دەستیان بە شەپۆلێکی دەسبەسەرکردن کردووە و لە بەحرەین چوار کەس لەوانە ژنێک بە ناوی سارا عەبدولنەبی بە تۆمەتی سیخوڕی و ناردنی وێنەی ناوەندە سەربازییەکان ڕەوانەی دادگا کراون.
بەهۆی دۆخی شەڕ و هەستیاریی ناوچەکە پێشبینی دەکرێت سزای ئەم کەسانە بگاتە ئاستی لەسێدارەدان چونکە سیخوڕیکردن لە بەرژەوەندیی وڵاتێکی بێگانە لە یاسا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتانەدا توندترین سزای بۆ دیاری کراوە.