بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هێرانا"، لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە سەربازییانەی کە بەهۆی سەرکێشییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤ هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە.
ڕێژیمی ئێران کە خۆی هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانی ئەم شەڕەیە، نەک هەر ئامادە نییە ئامارە ڕاستەقینەکان بڵاو بکاتەوە، بەڵکوو بە بڕینی هێڵی ئینتێرنێت و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ میدیا سەربەخۆکان، هەوڵ دەدات ڕاستییەکان بشارێتەوە و تێچووە مرۆییەکانی ئەم ململانێیانە بۆ بەرژەوەندیی پڕۆپاگەندەی خۆی بەکاربهێنێت.
بەپێی زانیارییەکانی هێرانا، جێگیرکردنی بنکە سەربازییەکان لە نێو جەرگەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بووەتە هۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بە ژێرخانی مەدەنی بگات، بە جۆرێک کە تا ئێستا ٢٠ نەخۆشخانە و ٣٦ قوتابخانە و دەیان گەڕەکی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە.
یەکێک لە کارەساتە هەرە دڵتەزێنەکان گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٦٠ قوتابی بوو لە شاری میناب، کە ڕێژیم بە بەکارهێنانی ناوچە مەدەنییەکان بۆ چالاکییە سەربازییەکانی، ڕاستەوخۆ بەرپرسیارە لە خستنە مەترسیی ژیانی ئەو منداڵانە.
لە کاتێکدا مانگی سووری ئێرانیش باسی لە زیان گەیشتن بە زیاتر لە ٣٦ هەزار یەکەی مەدەنی کردووە، چاودێران جەخت دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامی بە بە بارمتەگرتنی خەڵکی سڤیل و شاردنەوەی مۆرە سەربازییەکانی لە نێو ماڵ و قوتابخانەکاندا، هەوڵ دەدات تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە و جیهان بەرپرسیار بکات لەو کارەساتانەی کە سەرچاوەکەی تەنیا سیاسەتە هەڵەکانی خۆیەتی.