کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زنجیرە تەقینەوەیەک لە کوردستان؛ بنکە ئەمنییەتییەکانی مەهاباد و سنە کرانە ئامانج

15:03 - 11 رەشەمه 2725

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١١ی ڕەشەمە، دەنگی چەندین تەقینەوەی یەک لە دوای یەک چەند شارێکی کوردستانی هەژاند، کە دیارترینیان شارەکانی مەهاباد و سنە بوون. سەرچاوە نێوخۆییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم تەقینەوانە لە کاتژمێرە یەکەمەکانی بەرەبەیاندا ڕوویان داوە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆریان لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاو بوونەتەوە، بینای فەرمانگەی ئیتلاعات لە مەهاباد کراوەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێ گەیشتووە. شایەتحاڵەکان باس لە بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز و بەرزبوونەوەی دووکەڵێکی چڕ لە شوێنی ڕووداوەکە دەکەن. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئاستی وێرانییەکە بە جۆرێکە کە بەشێکی بیناکە بە تەواوی داڕماوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی دەربارەی قەبارەی زیانەکان و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

لە شاری سنەش، هەواڵەکان باس لە پێکانی چەندین پێگەی سەربازی و پۆلیسی دەکەن. بە گوتەی سەرچاوە هەرێمییەکان، چەندین بنکەی پۆلیس، بارەگاکانی سەر بە سپا و هەندێک لە بینای فەرمانگە دەوڵەتییەکان لە گەڕەکە جیاوازەکانی شارەکەدا کراونەتە ئامانج.

هاوکات، هەواڵی ڕوودانی تەقینەوە لە چەند شارێکی تری ئێرانیش گەیشتووە. لە تاران دەنگی چەندین تەقینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت بیستراوە و هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بە پێکرانی چەند شوێنێک لە دەوروبەری کەرەج و مەلارد دەکەن. هەروەها باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە شاری تەورێزیش دەکرێت.

لە دوای ئەم ڕووداوانە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانیدا، چەندین ئامانجی سەربازیی سەر بە ئێرانی پێکاوە و ئەو هێرشانە بەردەوامن.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وردەکاریی تەواو لەسەر جۆر و ڕادەی زیانەکان و ژمارەی قوربانییانی ئەم هێرشانە ڕانەگەیەندراوە.