دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنگتۆن بەمزووانە بۆ کردنەوە و دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز هەنگاو دەنێت.
ناوبراو لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیال" داوای کرد کە وڵاتانی جیاواز بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئەم گەروو ستراتێژییە، بچنە پاڵ هەوڵەکانی ئەمریکا.
ترامپ لەم پەیامەدا نووسیویەتی، وڵاتانی وەک چین، فەرانسە، ژاپۆن، کۆرەی باشوور و بریتانیا کە بە وتەی ئەو بەهۆی سنووردارکردنی گەرووی هۆرمۆزەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەتوانن بە ناردنی کەشتییەکانیان بۆ ناوچەکە، بەشداری لە دابینکردنی ئەمنییەتی ئەم ڕێڕەوە دەریاییەدا بکەن.
سەرۆککۆماری ئەمریکا هەروەها وتی کە زۆربەی ئەو وڵاتانەی بەهۆی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز زیانمەند بوون، بە هاوکاریی ئەمریکا کەشتییە جەنگییەکانیان بۆ کراوە هێشتنەوەی گەرووەکە ڕەوانە دەکەن.
ترامپ لە درێژەدا جەختی کردەوە کە توانای سەربازیی ئێران بە تەواوی لەنێوچووە، بەڵام تاران هێشتا دەتوانێت لە ڕێگەی هەندێک هەنگاوی وەک ناردنی دڕۆن، بڵاوکردنەوەی مینی دەریایی یان هاویشتنی مووشەکی کورت مەودا، هەڕەشەی سنووردار دروست بکات.
ناوبراو لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لە کاتی پێویستدا هێڵی کەناراوەکانی ئێران دەکەنە ئامانج و هێرش دەکەنە سەر بەلەم و کەشتییە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە لە نێو ئاودا.
ترامپ لە کۆتاییدا وتی: "بە هەر شێوەیەک بێت، ئێمە بەم زووانە گەرووی هۆرمۆز دەکەینەوە و بە ئارامی و ئازادی دەیپارێزین."