لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنی لە ڕۆژی شەممە بۆ سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر، دوو هێزی پاسەوان بریندار بوون و زیان بە باڵەخانەی کۆنسوڵخانەکەش گەیشت.
وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە بەیاننامەیەکدا ئەم هێرشەی بە "تیرۆریستی" وەسف کرد و بە توندی سەرکۆنەی کرد.
وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە هێرشەکە لە ڕێگەی دڕۆنێکەوە ئەنجامدراوە و کۆنسوڵخانەی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەم ڕووداوەی بە "ڕووداوێکی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە" ناوبرد و داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر وردەکارییەکانی ئەم هێرشە ئەنجام بدەن تاوەکو بکەرانی دەستنیشان بکرێن و سزای خۆیان وەربگرن.
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی ئەم هێرشەی کرد و هەروەها داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکاندا جێبەجێ بکات و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بکات و بکەرانی سزا بدات.
شایانی باسە ئەمە دووەم هێرشە بۆ سەر هەمان کۆنسوڵخانە لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا و لە ١٠ی مارسیشدا دڕۆنێک لە نزیک کۆنسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر کەوتبووە خوارەوە کە ئەو ڕووداوەدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.