هاوکات لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی هێرشە بەردەوامەکان و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی دەیان کەس.
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی "ڕووداو"، تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی ڕەشەمە، بە کۆی ٣١٦ دڕۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگای هەرێم، کە تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣٢ هێرش تۆمار کراون و ئەم هێرشانە تا ئێستا بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٨ کەس و برینداربوونی ٤١ کەس.
گیانلەدەستدراوان و برینداربووان تێکەڵەیەک لە هێزە ئەمنییەتییەکانی هەرێم، پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاووڵاتیانی مەدەنی و تەنانەت سەربازانی فەرانسەییش دەگرنەوە.
پارێزگای هەولێر بە ٢٦٥ هێرش، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەش لە ئامانجی ئەم دڕۆن و مووشەکانە بەدوور نەبوون.
لە ئەنجامی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بەردەوامیی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ئێستا ٦ پێشمەرگەی کوردستان شەهید و ١٨ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.