بەپێی ڕاپۆرتی جروزالم پۆست، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە وڵاتەکەی هێرشی زیاتر بکاتە سەر دوورگەی خارک، کە گرینگترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە.
ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئێنبیسی نیوز" ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکانی ئەم دواییە بەشێکی زۆری دوورگەکەیان "بە تەواوەتی وێران" کردووە و وتیشی: "تەنیا بۆ کات بەسەربردن ڕەنگە چەند جارێکی تریش هێرشی بکەینەوە سەر."
سەرۆککۆماری ئەمریکا جارێکی تر گومانی خۆی لەبارەی دۆخی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران دەربڕی و وتی: "نازانم ئەسڵەن ئەو زیندووە یان نا. ئەگەر زیندوو بێت، دەبێت کارێکی ژیرانە بۆ وڵاتەکەی بکات، ئەویش خۆبەدەستەوەدانە."
ترامپ جەختیشی کردەوە کە هێشتا ئامادەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نییە و مەرجە پێشنیارکراوەکانی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان "بە ڕادەی پێویست باش نین".
ناوبراو وتی، بەشێکی زۆری توانای مووشەکی و دڕۆنیی ئێران لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا لەکار کەوتوون و وتی کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ لاوازکردنی تواناکانی تاران.
سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ کردەی سەربازی بە مەبەستی کراوە هێشتنەوەی ئەم ڕێڕەوە ستراتیژییە و بەردەوام بەلەم و کەشتییە ئێرانییەکان تێک دەشکێنێت.
ترامپ ئاماژەی بەوەش کرد کە چەند وڵاتێکی تر کەشتیی جەنگی ڕەوانە دەکەن بۆ گرەنتی کراوەیی ئەو گەروویە، بەڵام ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا نەکرد.