چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو لەوانە عەرەبستان، کوەیت، ئیمارات و قەتەر، لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە و شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی بوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، وەزارەتی بەرگریی عەرەبستان ڕایگەیاندووە کە شەوی شەممە، ٦ مووشەکی بالستیکیان لە ئاسمانی پارێزگای "الخرج" تێک شکاندووە.
هاوکات لە وڵاتی کوەیت، هێرشی چەند دڕۆنێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە، زیانی بە سیستمی ڕاداری فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی داخرانی کاتیی حریمە ئاسمانییەکەی.
لە لایەکی دیکەوە، بەرگریی ئاسمانیی ئیمارات دڕۆنێکی لە میرنشینی "فوجەیرە" تێک شکاند کە بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەکانی، ئاگرکەوتنەوە گەورە دروست بووە و هاووڵاتییەکی ئوردنیش بە سووکی بریندار بووە.
بەندەری فوجەیرە یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرینگەکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی قەتەر پشتڕاستی کردەوە کە ٤ مووشەکی بالستیک و چەند دڕۆنێکیان لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێک شکاندووە.