کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: دوو بەرپرسی باڵای ئیتلاعاتی ئێرانمان کوشتووە

10:41 - 24 رەشەمه 2725

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە دوو بەرپرسی باڵای ئیلاعاتی ڕیژیمی ئێران لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە تاران کوژراون و جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ بە ئامانجگرتنی بەرپرسە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن.

لە بەیاننامەکەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە "عەبدوڵڵا جەلالی نەسەب" و "ئەمیر شەریعەت" ڕۆژی هەینی لەو هێرشەدا کوژراون.

بە وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم دوو کەسە بەرپرسی بەشی ئیتلاعات لە قەرارگای خاتەمولئەنبیا بوون.

لە هەمان کاتدا، ئەژمارێکی تێلگرامی سەر بە سپای پاسداران کوژرانی جەلالی نەسەبی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای دەسپێکی ئەو شەڕوە لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا، نزیکەی ٤٠٠ شەپۆلی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجگەلێک لە کوردستان و ناوەڕاستی ئێران ئەنجام داوە و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە هێرشەکان لە ناوچەکانی تر لەلایەن ئەمریکاوە ئەنجام دراون.

بەپێی وتەی ئەرتەشی ئیسرائیل، تەنیا لە ڕۆژی شەممەدا زیاتر لە ٢٠٠ ئامانج، لەوانە دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەک، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی و کۆگاکانی چەک لە نێوخۆی ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.