کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی: زیاتر لە ٦هەزار ئامانج لە نێوخۆی ئێران پێکراون

10:55 - 24 رەشەمه 2725

وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، توانا مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی بەرچاو تێکشکاون و زیاتر لە ٦هەزار ئامانج لە نێوخۆی ئێران پێکراون.

کارۆلین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ئاشکرای کرد کە لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکاندا، توانای هاوێشتنی مووشەکی بالستیکی کۆماری ئیسلامی بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد و توانای دڕۆنیی ئەو ڕێژیمە نزیکەی ٩٥ لەسەد کەمی کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرتەشی ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە ٦٥ کەشتی و ژێردەریایی ئێرانی نوقم کردووە و جەختی کردەوە کە ئامانجی واشینگتن "ڕیشەکەنکردنی تەواوی هەڕەشەکان" و گەیاندنی توانای سەربازیی تارانە بۆ کەمترین ئاست.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاناڵی "ئێن-بی-سی نیوز" ڕایگەیاند، هەرچەندە کۆماری ئیسلامی خوازیاری ڕێککەوتنە، بەڵام ئەو لە ئێستادا ئامادەی هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک نییە، چونکە بە وتەی ئەو "هێشتا مەرجەکان وەک پێویست نین."