کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی

11:18 - 24 رەشەمه 2725

هاوکات لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی سەرکوتی زیاتری خەڵک، دەیان هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" دەسبەسەر کردووە.

دادستانی ناوەندی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لەو پارێزگایە، ٢٠ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئەم کەسانەیان بەبێ بەڵگە و بە تۆمەتی "ناردنی زانیاری سەبارەت ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکان بۆ ئیسرائیل" دەسبەسەر کردووە.

لە هەمان کاتدا، بەپێی ڕاپۆرتی "هێرانا"، لانیکەم ٢٥ کەس لە تاران و ٨ کەس لە هەمەدان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

لە پارێزگای هورمزگانیش، ٢ هاووڵاتی بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر کراون.

کۆماری ئیسلامی لە کاتی ئاڵۆزی و شەڕەکاندا، بە تۆمەتی ناڕوونی وەک "سیخوڕی" یان "هاوکاری لەگەڵ دوژمن"، بە مەبەستی تۆقاندن و سەرکوتی زیاتر، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران دەست پێ دەکات.