حاجی شێخ ئەنوەری هاشمی، کوڕی شێخ محەممەد نوورانی و برازای "حاجی باباشێخ" سەرۆکوەزیرانی کۆماری کوردستان، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لەدایک ببوو و زانستە ئایینییەکانی لە لای باوکی و مامۆستا ئایینییەکانی سەردەمی خۆی خوێندبوو. هەروەها بەهۆی نزیکی لە مامی، "سەید کامیل ئیمامی" (ئاوات)، ئۆگرییەکی زۆری بۆ ئەدەب و هونەر هەبوو.
شێخ ئەنوەر لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و شێخانی زەنبیل بوو؛ ئەو لە کاتی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧دا، دەستپێشخەر و هاوکارێکی نزیکی تێکۆشەرانی بزووتنەوەی کورد بوو.
شێج ئەنوەر کەسێکی بڕواپێکراو و جێگای متماتەی تێکۆشەرانی نیشتمان لە درێژایی ٤۷ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدابوو.
ناوبراو لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ هەتاوی و لە ڕۆژە سەختەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە ناوچەی بۆکان و سەقز بە گشتی و لە دەڤەری گوندەکانی گەردیگلان و تورجان ، بە پێی توانا و ئیمکان، یارمەتیدەریی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی ديموکڕات و هەروەها هاوڕێیانی کۆمەڵە بوو.
سەرەڕای گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم، شێخ ئەنوەر هیچ کات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان نەپچڕاند و خانەقاکەی وەک ناوەندێکی نیشتمانی هێشتەوە، بەجۆرێک کە بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی، لە لایەن ڕێژیمەوە پەڕاوێز خرابوو.
هەروەها لە بواری کۆمەڵایەتیدا، ڕۆڵێکی کەموێنەی گێڕا لە پاراستنی لاوان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە نەرێنییانەی ڕێژیم بۆ تێکدانی کۆمەڵگەی کوردستان بڵاوی دەکردنەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.