کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر کۆمەڵگەی یارسان لە کرماشان

11:47 - 24 رەشەمه 2725

لە کاتێکدا کە کەشی ئەمنییەتی لە ئێران هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ناوچەکە تووندتر بووەتەوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی یارسان لە پارێزگای کرماشان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤی ئێران، هێزەکانی سپای پاسداران، بەتایبەت سپای "نەبی ئەکرەم"، لەگەڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو پارێزگایە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا گوشار و هەڕەشەکانیان بۆ سەر سەید "نەسرەدین حەیدەری"، ڕێبەری کۆمەڵگەی یارسان زیاد کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان داوایان لە سەید نەسرەدین کردووە کە لە کاردانەوە بە کوژرانی عەلی خامنەیی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو بکاتەوە و پیرۆزبایی هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بکات، کە ئەو داوایە لەلایەن ناوبراوەوە ڕەت کراوەتەوە.

بەرپرسانی ئەمنییەتی ڕێژیم هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر ئەم داواکارییە قبوڵ نەکرێت، کوڕی گەورەی ڕیبەری کۆمەڵگای یارسان دەسبەسەر دەکرێت.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هەروەها هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری سزادانی بەرفراوان دژ بە ئەندامانی کۆمەڵگەی یارسانیان کردووە.