کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گواستنەوەی دەیان زیندانی لە مەهابادەوە بۆ ورمێ

12:50 - 24 رەشەمه 2725

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، کاروانێکی هێزەکانی ''یگان ویژە''ی ڕێژیمی ئێران، دەیان زیندانییان لە بەندیخانەی مەهابادەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواستەوە.

ئەم گواستنەوەیە دوای ئەوە دێت کە حەفتەی ڕابردوو زیندانییان لە دژی مانەوەیان لە ناو بەندیخانەدا لە کاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکاندا، دەستیان دابووە ناڕەزایەتی.

 پێشتریش نزیکەی ١٢٠ زیندانیی سیاسی و ئاسایی لە مەهابادەوە بۆ بەندیخانەی میاندوواو گوازرابوونەوە و بەم هەنگاوە نوێیە، بەندیخانەی مەهاباد بە تەواوی چۆڵ کراوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دوای بۆردوومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک باڵەخانەی بەندیخانەکە، زیندانیان بەهۆی مەترسییەکانی سەر گیانیان بە کۆمەڵ ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەو کات هێزەکانی ''یەگان وێژە'' هێرشیان کردە سەر نێو بەندیخانەکە و بە بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و توندوتیژی، ناڕەزایەتییەکەیان سەرکوت کرد.

لە کۆتاییدا، بە فەرمانی بەرپرسانی ڕێکخراوی بەندیخانەکان و ناوەندە ئەمنییەکان، بڕیاری چۆڵکردنی ته‌واوه‌تیی بەندیخانەی مەهاباد درا و زیندانیان بۆ شارەکانی دیکە دابەش کران.