کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزرانیدا

14:08 - 24 رەشەمه 2725

پەیام بە بۆنەی هەشتا ساڵەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 

خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان!

ژنانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

سەرجەم خەباتکاران و تێکۆشەرانی یەکسانیخواز!

٢٤ی ڕەشەمەی ئەم ساڵ، هەشتا ساڵ بەسەر دامەزرانی یەکیەتییەکەمان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ڕادەبرێت. ٢٤ی ڕەشەمە وەک ڕۆژی دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە کوردستان، ڕێکخراوێک کە لە سەردەمی کۆماری کوردستان، بە ڕێنوێنی و پشتیوانیی سەرکۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد پێک هات و هەتا ئێستاش لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامە. بۆ ژنانی کوردستان بە گشتی و بۆ ئێمە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە تایبەتی، ڕۆژێکی گرینگ و جێگای شانازییە. بەم بۆنەیە سڵاو بۆ گیانی دامەزرێنەرانی یەکیەتییەکەمان و لە سەرووی هەمووانەوە زیندەیاد مینا خانمی قازی هاوسەر و هاوژیانی سەرکۆماری کوردستان دەنێرین. سڵاو لە گیانی پاکی ئەو خاتوونە تێکۆشەرانەش دەکەین کە لە ڕیزەکانی پێشەوەی تێکۆشانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتدا گیانیان لە پێناوی ئامانجە پیرۆزەکانیاندا پێشکەش کرد؛ لەنێویاندا دوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، شەهیدان نەسرین حەدداد و سوهەیلا قادری کە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە مووشەک‌کبارانی قەڵای دێموکرات لە خەرمانانی ١٣٩٧(سێپتامبری ٢٠١٨)دا وێڕای چەندین تێکۆشەری دیکە گیانی لێ ئەستاندن.

دامەزرانی ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان لە هەلومەرجی هەشتا ساڵ لەمەوبەری ئێران و کوردستاندا هەنگاوێکی ڕچەشکێنانە، بوێرانە و پێشکەوتنخوازانە بوو. پێشەوا قازی محەمەد وەک ڕێنیشاندەر و پشتیوانی ئەم کارە، مینا خانمی قازی، هاوژیانی سەرکۆماری کوردستان، کە ڕۆڵی یەکەمی لەم دامەزراندنەدا هەبوو، هەروەها ئەو خانمانەی تریش کە لەم ڕچەشکێنیەدا بەشدار بوون، سیمای  دێموکراتی و ناوەرۆکی پێشکەوتنخوازانەی کۆماری کوردستانیان بەم هەنگاوەیان جوانتر و دەوڵەمەندتر کرد. لەهەمان کاتدا، ڕێگایەکیان خستە بەردەم نەوەکانی دوای خۆیان. ئەوان بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی ژنان و پیاوانی دێموکرات و تێگەیشتوویان ئەرکدار کرد کە هیچ کات و لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێت لە گرنگیدان بە پرسی ژنان غافڵ بن.

 یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دامەزرانییەوە هەتا ئێستا بە قۆناغی سەخت و پڕ هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە، بە تایبەتی لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئێران هەتا ئێستا، وەک ڕێکخراوێکی چالاکی ژنانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، سەرەڕای هەموو سەختی و کەند و کۆسپەکان، لە خەبات و تێکۆشان نەوەستاوە. کاری ڕێکخراوەیی  و تێکۆشان لەنێو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئاوارە و پەڕیوەی باشووری کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەرەوە بوون، یەکێک لە مەیدانەکانی تێکۆشانی یەکیەتییەکەمان بووە.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە گوێرەی توانایی، لە پێوەندیگرتن بە ژنانی وشیار و ئازادیخواز لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش غافڵ نەبووە. لە لایەکەوە هەوڵی داوە بۆ دەولەمەندکردنی ڕوانگە و بەرنامەکانی خۆی سوود لە ڕاو و بۆچوونەکانیان وەربگرێ و لە لایەکی ترەوە، تێکۆشاوە دەنگی ئەوان و ڕاستیی ئەو بارو دۆخەی ژنانی کوردستان تێیدان، بە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و بیروڕای گشتیی دنیای ئازاد بگەیەنێ.

 لە دەرەوەی کوردستان، بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژاوایی، کۆمیتەکان و نوێنەرایەتییەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئامادەبوون لە کۆڕ و کۆمەڵە و کۆنفرانس و کۆنگرەکانی پێوەندیدار بە ژنان، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە گەیاندنی دەنگی ژنانی کوردستان و ئێران بە ناوەندەکانی داکۆکی لە یەکسانی و پرسی ژناندا هەبووە.

کاری پەروەردە و پێگەیاندن لە نێو ژناندا بوارێکی دیکەی تێکۆشانی ڕێکخراوەکەمان بووە. کۆنفرانسەکان و کۆنگرەکانی یەکیەتیی ژنان بەردەوام لەسەر گرنگیی پەروەردە و پێگەیاندن پێداگر بوون. بە سەرنجدان بەم پێداگرییە، بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا کە ئیمکان و کەرەستەی باشتر بۆ پێوەندیگرتن و فێرکردنی ئانلاین هەیە، گرنگیی بە پێکهێنانی کلاس و دەورەی تایبەت بۆ پێگەیاندنی ژنان داوە. جێگای خۆشحاڵیمانە کە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە ماوەی تێکۆشانی خۆیدا فێرگەی پێگەیاندنی ژنانی بڕوابەخۆ و لێهاتوو بۆ گرتنە ئەستۆی بەرپرسایەتی لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبەری و خەباتدا بووە.

یەکێک لەو مەیدانانەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە زووەوە تێیاندا چالاک بووە، گرنگیدان بە کاری ڕاگەیاندن بووە. گۆڤاری "ژنان" کە گۆڤاری یەکیەتییەکەمانە، نزیک بە ٢٥ ساڵە، بێ ڕاوەستان درێژەی هەیە و بواری بۆ ژنانی قەڵەم بەدەست و هۆگری نووسین، پێک هێناوە و لاپەڕەکانی خۆی بۆ باسکردن لە خەباتی ژنان و تیشک خستنە سەر ستەم و کێشەکان و هەڵاواردنەکانی پێوەندیدار بە ژنان تەرخان کردووە. پێ بە پێی گەشەی پێوەندییە ئەلکترۆنییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یەکیەتیی ژنانیش هەوڵی داوە بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی و بەرینکردنەوەی تێکۆشانی ئەم ڕێکخراوەیە، هەروەها بۆ دروستکردنی پێوەندییەکی دوولایەنەی زیندووتر لە گەڵ بەردەنگەکانی، سوودیان لێوەربگرێت.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەرکی خۆی زانیوە لە گۆڕەپانی کاری هاوبەش لە گەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستانیشدا، چالاکانە بەشدار بێت. بەخۆشییەوە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە تایبەتی لە دوای ڕاپەڕینی ژن، ژیان ئازادی، هاوهەڵوێستی و هاوکاری لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووی لە زیادبوون کردووە. ئێمە پێمانوایە لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستە ئەم هاوخەباتی و هاوهەڵوێستییە لە جاران زۆر زیاتر بێت، بۆ ئەوەی ژنان بە گشتی و ڕێکخراوەکان و بزووتنەوەی ژنان بە تایبەتی، بتوانین ڕۆڵێکی زیاترمان لە ئاڵوگۆرەکانی بەردەم وڵاتەکەماندا هەبێت.

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لە کوردستان!  

لە کاتێکدا یادی هەشتا سالەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم گۆڕانی گەورەدان. ڕێژیمی ئێران لە درێژەی سیاسەتی تێرۆریستی و شەڕخوازانەیدا جارێکی دیکە بۆتەوە ماکەی هەڵگیرسانی شەڕ لە ناوچەکەدا. ئەم ڕێژیمە بە کردەوە بە دنیای سەلماندووە، هەروا کە لە نێوخۆی ئێراندا سەرچاوەی سەرکوت، هەڵاواردن، بێ‌مافی و ڕۆژڕەشیی هاونیشتمانانە، بۆ وڵاتانی ناوچە و تەنانەت بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتییش سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییە. زیاتر لە دوو حەوتوویە قەوارەی ئەو ڕێژیمە هەر لە ڕێبەری و بەرزترین فەرماندەرانییەوە، تا سەرجەم ناوەند و بنکە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی، بوون بە ئامانجی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان. ئەم ڕێژیمە دوای کوشتاری دەیان هەزار کەسیی خەڵکی وەزالەهاتوو و ڕاپەڕیوی ئێران لە مانگی بەفرانباری ڕابردوودا، هەروەها دوای ئەو زەبرانەی بە هۆی ئەم شەڕەی ئێستاوە لێی دراوە، پێی ناوەتە قۆناغی لەبەر یەک هەڵوەشان و داڕمان.

 بەهێزبوونی ئەگەری ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، ئاسۆیەکی گەشی خستووەتە بەردەم ڕێکخراوەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیدا. ئێمە پێمانوایە دەبێ خۆمان بۆ قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕێکخراوەیی و جەماوەری ئامادە بکەین. ئەگەر تا ئێستا شوێنی سەرەکیی خەباتمان تاراوگە  و دوور لە نیشتمان بووە، دەبێ بۆ گواستنەوەی چەقی خەباتی ڕێکخراوەییمان بۆ نێوخۆی نیشتمانەکەمان ئامادە بین. چڕکردنەوەی خەبات و تێکۆشانی گشتی بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی و پاک کردنەوەی کوردستان و سەرانسەری ئێران لە دەسەڵاتی دژەژن و دژەمرۆیی ئەو ڕێژیمە، ئێستا بووە بە ئەرکی سەرەکیی سەرجەم هێزو ڕێکخراوە و لایەنە خەباتکارەکانی کوردستان و ئێران. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لانکەی سەر هەڵدانی ڕاپەڕینی "ژن ، ژیان ئازادی"، لە درێژایی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا یەک لە سەنگەرە پتەوەکانی خەباتی دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی بووە؛ ژنانی کوردستان یەکێک لە توێژە دیارەکانی بەشدار لە خەباتی جەماوەری و پێشمەرگایەتی و بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوەی نەتەوەیی و خۆڕاگری بەرانبەر دیکتاتۆری و کۆنەپەرستی بوون. بە سەرنجدان بەم ڕاستییانە بە ئەرکی ڕێکخراوەکەمان و ڕێکخراوەکانی دیکەی ژنانی کوردستانی دەزانین کە چالاکانە و بەو پەڕی وشیاری و یەکگرتووییەوە بە پێشوازی داهاتووە بچین. هەروا کە نابێ بهێڵین جارێکیتر دیکتاتۆرییەک، جێگای دیکتاتۆرییەکی تر بگرێتەوە، نابێ ڕێگاش بدەین ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و لە داڕشتنەوەی بناغەکانی داهاتوودا پشتگوێ بخرێن. وەدیهاتنی ئەم ئامانجانەش لە گرەوەی هەرچی زیاتر لە مەیداندابوون و بەشداریی چالاکانە و یەکگرتووانەمان لە قۆناغی ئێستای خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێستای ئێران و جێگیرکردنی سیستەمێکی فیدڕاڵ و دیموکراتیکی بە دوور لە هەڵاواردنی ئایینی، نەتەوەیی، زمانی و ڕەگەزیدایە.

ئێمە لە کاتێکدا بە بۆنەی هەشتا سالەی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگری ئەو یەکیەتییە و هەموو دڵسۆزان و هۆگرانی ڕێکخراوەکەمان دەکەین، بەڵێنیش دووپات دەکەینەوە کە لێىڕاوتر و هیوادارتر لە هەمیشە، بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەمان لە دیکتاتۆری و بندەستی، هەروەها بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن و ستەم بەرانبەرژنانی کوردستان درێژە بە خەبات دەدەین.

سڵاو لە ٢٤ی ڕەشەمە، ڕۆژی دامەزرانی یەکەمین و لەمێژینەترین ڕێکخراوی ژنان لە کوردستان.

پیرۆز بێت یادی  ٨٠ سالەی تێکۆشانی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکەوێ خەباتی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.

 

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی بەڕێوەبەری

٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤

١٥ی مارسی ٢٠٢٦