کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەندین شاری دیکە

14:11 - 24 رەشەمه 2725

لە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، هێزەکانی ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشێکی هاوبەشی فراواندا بنکە و شوێنە ستراتیژییەکانیان لە تاران و چەندین شاری دیکە کردووەتە ئامانج. هاووڵاتییان لە تاران و چەندین شاری تر دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێزیان بیستووە کە لە هەندێک ناوچەدا بووەتە هۆی لەرزینی باڵەخانەکان و شکانی شووشەی پەنجەرەکان.

زۆرترین ڕاپۆرتەکان لە ناوچەکانی باشوور، باشووری ڕۆژاوا و ناوەڕاستی تاران لەوانە: شەهر ڕێی، نازی‌ئاباد، مونیریە، مەرزداران و نارمەک بوونە.

هەروەها هەندێک لە شایەتحاڵەکان ئاماژەیان بە بینینی درۆن یان فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی شارەکەدا کردووە.

هاوکات ڕاپۆرتی هێرش لە شارەکانی سنە، ئیسفەهان، کیش، فەردیسی کەرەج، وەرامین، لامەردی فارس، دێزفول، خومەین، تەورێز و ناوچەی ٤ی دەریایی نایبەند بڵاو کراوەتەوە و لە هەندێک ناوچەش پچڕانی کارەبا ڕاگەیەندراوە.

لە بەرامبەری ئەو هێرشانەدا، ڕێژیمی ئێرانیش هێرشی  مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل، عەرەبستان، کوەیت، ئیمارات و قەتەر کە زیانی ماددی و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەم شەپۆلە نوێیەی هێرشانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا - ئیسرائیل گەیشتووەتە لوتکە و جێگە لە بنکە نیزامییەکان، ژێرخانە ئابوورییەکانیشی گرتووەتەوە.