کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی خۆشناو لە ئاسیناوێ

16:50 - 11 رەشەمه 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، مام برایم عوسمانی، کەسایەتیی خۆشناو و جێگەی متمانەی خەڵکی ناوچەی باسکی کۆڵەسە و شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچوویییەوە لە گوندی ئاسیناوێ کۆچی دوایی کرد.

مام برایم کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکە بوو، مرۆڤێکی دڵپاک، پێشمەرگەخۆشەویست، شۆڕشگێڕ، نەترس و بوێر بوو. لە ساڵانی ١٣٤٦ی هەتاویدا مووچە و مەزرا و ماڵەکەی جێگەی حاوانەوە و حەسانەوەی کادرەکانی وەک شەهید مەلا ئاوارە و هاوڕێکانی بوو. لە دەورانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕی حیزبی دێموکرات خزمەتی بەرچاوی بە گەلەکەی و حیزبی دێموکرات کرد. بەهۆی ئەوەی یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی بەکرە ئاسیناوەیی، کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو، بە دەیان جار لەلایەن ڕێژیمەوە گیرا و هاوکاتیش ئەشکەنجە کرا، بەڵام هیچ کات لەسەر بیروباوەڕی خۆی و حیزبی دێموکرات لای نەدا، بەڵکوو بەردەوام هانی خەڵک و خزمانی دەدا کە یارمەتیی کادر و پێشمەرگەکان بدەن و چەندین جاریش بە تەنیا بەگژ جاش و سپا و بەسیجییەکاندا چووبوو.

مام برایم وەک کەسایەتییەکی دیاری ناوچەکە لە کاری خێرخوازیدا دەستێکی باڵای هەبوو، کەسێکی دەستگیر بوو و یارمەتیدەری هەموو کادر و پێشمەرگەکان بوو. زۆر جار ڕێگای دووری دەبڕی بۆ ئەوەی هەواڵێک بگەیەنێتە لای کادر و پێشمەرگەکان تا بتوانێت خزمەتێک بە حیزب بکات.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی مام برایم و هەموو دۆست و هاوسەنگەرانی و خەڵکی ناوچەی گەورکایەتی دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.