کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی کوردستان لە مەهاباد

17:02 - 11 رەشەمه 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، دایە نازەنین خزری، دایکی شەهیدان قادری ئاهی و ڕەحمان ئاهی لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

دایە نازەنین کە قادری کوڕی لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا ساڵی ١٣٦٠ شەهید ببوو و ڕەحمان، کوڕەکەی دیکەشی ساڵی ١٣٦١ شەهید ببوو، هەموو ئاواتی سەرکەوتنی حیزبی دێموکرات، خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەی و دیتنی مەرگی جەللادی کوڕەکانی بوو. هەر ئەوەش بوو کاتێک بەیانیی ئەمڕۆ لە خەو هەڵدەستێ و هەواڵی کوژرانی خامنەیی پێ دەدەن، بە گوتنی "ئۆخەی نەمردم ئەو هیوایەم بەدی هات و مەرگی قاتڵی کوڕەکانمم دی"، بەرگەی ئەو خۆشییەی نەگرت و دڵی لە لێدان ڕاوەستا.

دایە نازەنین جگە لەوەی هەم مێردەکەی (عەلی خەزاڵ) پێشمەرگەی کۆمار بوو، هەم دوو کوڕی و نەوەیەکیشی بە ناوی سەید جەلال قوڕەیشی لە ساڵی ١٣٦٤دا لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا شەهید بوون، نەوەیەکی دیکەشی بە ناوی شۆڕش ئاهی، هونەرمەندی نیگارکێش و پەیکەرەسازی گەورەی کورد لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات‌دایە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.