بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''، فەرماندەی گشتیی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران ٥٠٠ کەسیان بە تۆمەتی پێدانی زانیاری بە دوژمنان دەسبەسەر کردووە.
ئەحمەدرەزا ڕادان، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمە، بێ ئەوەی وردەکاری سەبارەت بە کاتی وردی ئەم دەسبەسەرکردنانە بخاتە ڕوو، وتی کە بەشێکی بەرچاوی ئەم دۆسیانە پەیوەندییان بەو حاڵەتانەوە هەیە کە زانیاریی هەستیاریان گواستووەتەوە.
بە وتەی ڕادان، نزیکەی نیوەی دەسبەسەرکراوەکان لە ڕووداوی جیددیدا؛ لەوانە پێدانی زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە لێدانی ئامانجەکان و گرتنی وێنە و ڤیدیۆ و ناردنیان بۆ دوژمن و میدیاکانی دژبەر، دەستیان هەبووە.
دەسبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و سەرەڕۆی هاووڵاتییان لە کوردستان و ئێران لە کاتێکدایە لە ڕۆژی پێشتریش هەواڵدەریی تەسنیم، سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند کە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ، ٢٠ کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەسبەسەر کردووە.