کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماکرۆن: ئێران دەبێ کۆتایی بە هێرشە ناسەقامگیرکەرەکان لە ناوچەکەدا بهێنێت

11:44 - 25 رەشەمه 2725

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرانسە، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسعوود پزیشکییان، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشە قەبووڵنەکراوەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە ئاستی ناوچەکەدا کردووە.

ماکرۆن بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان ڕایگەیاند: "من داوام لە پزیشکییان کرد کۆتایی بەو هێرشە قەبووڵنەکراوانە بهێنێت کە ئێران دژی وڵاتانی ناوچەکە، چ بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکان لە لوبنان و عێراق ئەنجامیان دەدات."

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەیکە بەئامانجگرتنی هێزەکانی فەرانسە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵکراو نییە، ڕوونی کردەوە کە بوونی سەربازیی فەرانسە لە ناوچەکەدا تەنیا لە چوارچێوەیەکی بەرگری و بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکان، هاوپەیمانە ناوچەییەکان و مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی دایە.

سەرۆککۆماری فەرانسە هۆشداریی دا کە پەرەسەندنی گرژییەکان، ناوچەکە بەرەو بشێوییەک دەبات کە لێکەوتە ناخۆشەکانی زیاتر لە هەر کەسێک بەرۆکی خەڵکی ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە.

ناوبراو زیادی کرد: "جێگیرکردنی ئاشتی و ئەمنییەتی بەردەوام تەنیا لە گرەوی چوارچێوەیەکی سیاسی و ئەمنییەتیی نوێدایە؛ چوارچێوەیەک کە مسۆگەر بکات ئێران هەرگیز دەستی بە چەکی ناوکی ناگات و هاوکات چارەسەری ئەو هەڕەشانە بکات کە لە بەرنامە مووشەکییەکان و چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سەرچاوە دەگرن."

ماکرۆن هەروەها جەختی لەسەر پێویستیی کردنەوەی دەستبەجێ و ئەمنی گەرووی هۆرمۆز بۆ کەشتیوانیی ئازاد کردەوە و لە کۆتاییدا، داوای ئازادکردنی بێ مەرجی "سیسیل کۆهلێر" و "ژاک پاریس"، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی فەرانسەیی لە ئێران و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان کرد.