کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٣٨ ساڵەی کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجەدا

11:53 - 25 رەشەمه 2725

ڕۆژی ١٦ی مارس یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکانی مێژووی خوێناوی کوردە. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا پێنج هەزار کورد و خەڵکی سڤیل لە شاری هەڵەبجەی باشووری کوردستان بە چەکی شیمایی گیانیان لێ ستێنرا.

ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٨٨ی زایینی واتە ٣٨ ساڵ لەمەوبەر حکوومەتی بەعسی عێراق لە هێرشیکی دژە ئینسانی و بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو، لە ماوەی چەند خولەکێکدا پێنج هەزار کوردی لە هەڵەبجە تەنیا بە تاوانی کوردبوون شەهید کرد. لەو کارەساتەدا پێنج هەزار کەس لە مناڵی ساوا و گەنج و پیر و ژن و پیاوی کورد بە چەکی شیمیایی خنکێنران و تاوانێکی تر بە تاوانەکانی دژمنانی کورد و کارەساتێکی تر بە کارەساتەکانی مێژووی خوێناوی کوردەوە زیاد بوو.

لەگەڵ شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس لە شاری هەڵەبجە، هەزاران کەسیش بریندار و نقوستان بوون و شار بە تەواوی چۆل و دەیان هەزار کەس ئاوارەی شاخ و چیاکانی کوردستان و ئاوارەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و تا ئێستاش هێندێک کەس بێسەروشوێن و هەزاران کەسیش بەدەست زامەکانیانەوە دەناڵێنن.

بۆردمانکردنی هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی لەو کات و سەردەمەدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵکوژییەکی دگمەن بوو، بەڵام بەهۆی سات و سەودا سیاسی و بازگانییەکانی دەوڵەتە زلهێزەکان جیهان و بێ پشتیوانیی گەلی زوڵملێکراوی کورد، پەردەپۆش کرا و ئەوانەی ئەو تاوانە گەورەیان ئەنجام دابوو هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێ نەکرا و لە هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتیدا دادگایی نەکران.

دوای ٣٨ ساڵ بەسەر تێپەڕینی شیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دواتر شاری سەردەشت و تا ئەمڕۆش دەیان و سەدان جینایەت دژ بەگەلی کورد ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێ و بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ و بێهەڵوێستە و زلهێزەکانی جیهان هەروا خەریکن لەژێر سێبەری ساتوسەودا و بازرگانییدا سەرپۆش لەسەر هەموو ئەو جینایەت و ژینۆساید و کاولکارییە دادەنێن کە لەلایەن دژمنانی ڕەنگاوڕەنگی گەلی کوردەوە دەرهەق بەو گەلە دابەشکراو و بەشخوراوە دەکرێن.

یاد و ناوی شەهیدانی بۆمبارانی شیمیایی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد