لە درێژەی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ڕاپۆرتەکان باس لە هێرش بۆ سەر تاران و چەند شاری دیکە لە شەوی یەکشەممە و بەرەبەیانی دوشەممە ٢٤ لەسەر ٢٥ی ڕەشەمە و فڕینی بەردەوامی فڕۆکە بەسەر ئاسمانی ئەو شارانەدا دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرت و ڤیدیۆ بڵاوەکراوەکان، وەک شەوان و ڕۆژانی ڕابردوو تاران ئامانجی زیاترین هێرشەکان بوو و لە شوێنە جیاوازەکانی ئەو شارە پێگە و بنکەکانی ڕێژیم کرانە ئامانج.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، شوێنە جیاوازەکانی تاران وەکوو بەهارستان، ئیسلامشەهر، نیاوەران، سەتارخان، شەهرەکی ئیکباتان، پاسداران و چەند شوێنی دیکە کرانە ئامانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی مێهرابادی تاران، فڕۆکەی تایبەت بە ڕێبەڕی ڕیژیم و بەرپرسانی باڵای ئێرانیان تێک شکاندووە.
جگە لە تاران، لە چەندین شاری دیکە وەکوو؛ کرماشان، کەرەج، چابەهار، بەندەرعەباس، بەندر لەنگە، بەندەر سیراف، جەم، لارستان، لار، داراب و ئەراک بنکە و پایگاکانی ڕێژیم بە ئامانج گیران.
هاوکات لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ڕاپۆرتەکان باس لە زیادبوونی بازگەکانی هێزەکانی بەسیج لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران دەکەن.