کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی یەکیەتیی ئورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز

15:01 - 25 رەشەمه 2725

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕەشەمە، ڕایگەیاند کە بۆ کردنەوەی ڕێگای ترانزێتی نەوت و گاز لە گەرووی هۆرمۆزەوە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە گفتوگۆ کردووە.

ئەم پڕۆژەیە کە لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین لە کاتی شەڕدا وەرگیراوە، هەوڵدەدات ڕێڕەوێکی ئارام بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی لە نێوەندی گرژییەکانی ئێستادا دروست بکات.

کایا کالاس کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە برۆکسێل ئامادەیە، جەختی لەوە کردەوە کە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ئانتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەبارەت بە پێویستی کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە سەرەکییە کە بەهۆی شەڕەوە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داخراوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕای کردووە.

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانج لەم بیرۆکەیە، دۆزینەوەی چارەسەرێکی نێودەوڵەتییە بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکوو ئەمنییەتی گواستنەوەی وزە مسۆگەر بکرێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری جیهانی بگیرێت.