هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکان لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە، چەندین شوێنی جیاوازی تاران، شیراز و تەورێز کرانە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.
بە وتەی هاووڵاتییان، ئەم تەقینەوانە لەرزینی باڵەخانەکان و پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچەی بەدوادا بووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشەکانی بە شێوەیەکی هاوکات بۆ سەر ئامانجگەلێک لە شارەکانی تاران، شیراز و تەورێز دەست پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، لە تاران چەندین ناوچە لەوانە: جەماران، چوارڕێیانی ئێرانخۆدرۆ، چیتگەر، شەقامی زەڕەفشان لە شارۆچکەی غەرب، مەیدانی شەهیدان، شەقامی پیروزی و گەورەڕێیانی باقری کراونەتە ئامانج.
هەروەها بنکەی پۆلیسی نیاوەران لە باکووری تاران لە کاتی ئەم هێرشانەدا وێران بووە.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵە پشتراستنەکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە بەئامانجگرتنی باڵاخانەیەک لە نزیکی قەرارگای خاتەمولئەنبیا و جێگربوونی هێزێکی زۆری ئیتلاعاتی لەو شوێنە و تەنانەت بیستنی دەنگی تەقەیان کردووە.
هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوە لە شارەکانی شیراز، تەورێز، شەهریار و بەندەری دێر لە پارێزگای بوشێهر دەکەن.